تۆڕی هەواڵی “BBC” لەراپۆرتێكیدا، كە میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردووەتەوە، نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزووتنەوەكە بە “خولقێنەری وەرچەرخانە سیاسییە گەورەكان” ناودەبات‌و رایگەیاندووە لەنێو خەڵكدا بە “پاكی‌و سادەژیان ناوبانگی هەبووەو بڕوای بەسەركردایەتی تاكە كەس نەبووەو گۆڕانیشی بەخۆیەوە نەبەستەوە”.

لە راپۆرتەكەی كەناڵی “BBC”، كە بەشە فارسییەكەیدا بڵاوكراوەتەوە، نووسەرەكەی ئاماژەی بەوەداوە، بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا لەگەشتێكمدا بۆ كوردستانی عێراق بۆ یەكەمجار بەناوی نەوشیروان مستەفا ئاشنا بووم، ئەو كاتە دەیان بازگەی لەنێوان رێگای سەرەكی سنووری نێوان ئێران بۆ سلێمانی لەگوندە گەورەو بچووكەكاندا دانرابوو، لەم بازگانەدا بەناوی باجەوە پارە لەخەڵك وەردەگیرا.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە، “لەكاتی گەڕانەوەم بەرەو سنووری ئێران زانیم، كە زۆربەی ئەو بازگانە نەماون یان سوتاون، كە شۆفێرەكە وتی: ((كاكە نەوە هەموو بازگەكانی كۆكردووەتەوە، چونكە پارەیان لەخەڵك وەرگرتووە”. نەوشیروان مستەفا لەناو جەماوەردا بەنازناوی “كاكە نەوە” دەناسرێتەوە، كە جەلال تاڵەبانی ئەو نازناوەی لێناوە.

هەینی رابردوو (19/5/2017) نەوشیروان مستەفا لە ماڵەكەی خۆیدا لەسلێمانی كۆچی دوایی كرد، سەعاتێك پاش مەرگی هەزاران كەس چوونە بەردەم ماڵەكەی، رۆژی شەممە تەرمەكەی بەپێشوازی هەزاران كەس‌و بەدەم سرودی نیشتمانی‌و گریانەوە لەگردی زەرگەتە لەشاری سلێمانی، كە بینای تەلەفزیۆن‌و كۆمپانیای راگەیاندنەكەی تێدایە بەخاك سپێردرا، كەناڵەكە وای نووسیوە.

كەناڵی  “BBC” راشیگەیاندووە “نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەرو سەركردەی بزووتنەوەی گۆڕان-ی كوردستانی عێراق بوو، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، گۆڕان خەباتی “دژی گەندەڵی، پێكهێنانی حكومەتی شەفاف‌و رزگاربوون لەحكومەتی قۆرخكراوی دوو حیزبی كلاسیكی راگەیاند، بەڵام كاتی مەرگی زۆربەی ئەو ئامانجانەی بەدی نەهاتووەو ناكۆكییەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی سەرەكی هەرێمی كوردستان چارەسەرنەكراوەو بەكردار پەلەمانی كوردستانی عێراق داخراوە”.

هەروەها رایگەیاندووە بەپێشینەی نیو سەدە خەبات ئەگەرچی یەكێك لەسەركردە دیارەكانی كوردی عێراق بوو، بەڵام “سەرۆكی هەرێم كوردستان”و سەرۆك وەزیران لەرێورەسمی بەخاكسپاردنیدا ئامادە نەبووون، زۆركەس لەلایەنگرانی بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم ماتەمینی گشتی رانەگەیاند رەخنەیان لەحكومەت گرت.

هەروەك لەراپۆرتەكەدا هاتووە، “نەوشیروان مستەفا تەنیا خولقێنەری وەرچەرخانە سیاسییە گەورەكان لەكوردستانی عێراق نەبوو، بەڵكو پێشمەرگەو مێژوونووسیش بوو، ئەو هەژدە كتێبی لەبوارەكانی سیاسی، مێژوویی‌و ئەدەبی نووسیبوو، یەكێك بوو لەو سەركردانەی هەرێمی كوردستان، كە لەنێو خەڵكدا بەپاكی‌و سادەژیان ناوبانگی هەبوو”.

هەروەها نووسیوییەتی: “پێشینەی چالاكی سیاسی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی، كە ئەو خوێندكاری زانكۆ بوو لەبەشی زانستی سیاسی لەبەغدا، ساڵی (1975) لەنەمسا سەرقاڵی خوێندنی دكتۆرا بوو لەیاسای نێودەوڵەتی، بەڵام لەسەر داوای جەلال تاڵەبانی دەستبەرداری خوێندنەكەی دەبێت بۆ دامەزراندنی حیزبی (یەكێتی نیشتمانی) دەگەڕێتەوە شاخەكانی كوردستانی عێراق، لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەوە تا ساڵی (2006) نەوشیروان مستەفا جێگری جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی ئەو حیزبە بوو”.

باسی لەوەش كردووە، “پاش رزگاریی هەرێمی كوردستان لەسەدام حسێن، نەوشیروان مستەفا ئامادە نەبوو هیچ جۆرە پۆستێكی حكومی وەرگرێت، كە لەگرتەیەكی ڤیدیۆیی، ئەرشیفی ساڵی (1991)ی پاش دەركردنی هێزەكانی سەدام حسێنە لەكوردستان، نەوشیروان مستەفا كە تازە لەچیاكانی كوردستان گەڕاوەتەوە بۆ شار، دیدی خۆی بۆ لابردنی پێشمەرگە لەنێو شارەكان‌و جێگیركردنی پۆلیس لەشوێنیان، دەخاتەڕوو، ئەو دەڵێت: رەنگە كەسێك لەشاخەكاندا پێشمەرگەیەكی ئازا بووبێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆیەك، كە بتوانێت شارێك بەڕێوەبەرێت، من بۆ خۆم لەنەمسا خوێندومەو زمانەكانی (عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و ئەڵمانی) دەزانم، بەڵام توانای ئەوەم نییە ببمە پارێزگاری سلێمانی، زۆرێك بەدروستكردنی گروپی (30) كەسی لەپاسەوان‌و كەژاوەی ئۆتۆمبیلەكانیان ماڵ‌و موڵكی خەڵك داگیردەكەن، ئێمە دەبێت كۆتایی بەم شتانە بێنین، دەبێت یاسا سەروەر بكەین، دادگا‌و دامەزراوە حكومییەكان بەزوترین كات كارا بكەینەوە، پەرلەمان كارا بكەین‌و حیزبەكان پشتیوانی بكەن”.

راپۆرتەكە تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی، كە ساڵی (2004) باڵی ریفۆرمی لەنێو یەكێتی نیشتمانی پێكهێنا، هۆمەر دزەیی، كە یەكێكە لەهونەرمەندەكانی كورد‌و لەدۆستانی نزیكی بووە لەنەمسا وتویەتی: “نەوشیروان مستەفا بڕوای وابووە، كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی‌و خراپ بەڕێوەبردن، دەبێت لەدەسەڵاتدارەكانەوە دەست پێبكەن، ئەو ئەم چاكسازییانەی لەناو یەكێتی نیشتمانی دەستپێكرد، بەڵام پلان‌و بەرنامەكانی لەنێو یەكێتیدا رووبەڕووی دژایەتی بووەوە”.

ئەو ساڵی (2006) بەهۆی پێشنەچوونی بەرنامەی چاكسازییەكان لەیەكێتی جیابووەوە، سەرەتا كۆمپانیای وشەی دامەزراندو دەستی بەبڵاوكردنەوەی رۆژنامەی (رۆژنامە)‌و فەرهەنگی‌و ئەدەبی كرد، نەوشیروان مستەفا ساڵی (2009) بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراندو بە دروشمی بەرەنگابوونەوەی گەندەڵی دارایی، دادی كۆمەڵایەتی‌و پێكهێنانی حكومەتێكی یەكپارچەو كەمكردنەوەی دەسەڵاتی حیزب بەسەر حكومەتدا لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیدا بەشداریكرد.

بزووتنەوەكەی ئەو توانی لەكێبڕكێكانی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیدا (25) كورسی بەدەستبهێنێت، لەو كاتەدا پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنی هاوبەشیان هەبوو، كە هەرێمی كوردستانیان بەدەستەوە بوو، گۆڕان بەشداری لەحكومەتدا نەكردو بەرەسمی بووە ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی هەرێم.

ئەوەشی نووسیوە، كە “گۆڕان پشتیوان‌و لایەنگری زۆری لەنێو هێزەكانی پێشمەرگەدا هەبوو، بەڵام نەوشیروان مستەفا خۆی بوارد لەدروستكردنی هێزی سەربازی‌و هەوڵیدا لەڕێگەی سیاسییەوە بەردەوامی بەخەبات بدات”، ((لەكوردستانی عێراق هێزەكانی پێشمەرگە لەكۆنتڕۆڵی دوو حیزبی پارتی و یەكێتی-دان)).

لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی (2013) گۆڕان توانی بەبەدەستهێنانی (24) كورسی بەسەر یەكێتیدا سەركەوێت‌و ببێتە دوەم هێزی سەرەكی ناوچەكە، بزووتنەوەكەی ئەو لەگەڵ پارتی بەسەرۆكایەتی بازرانی هاوپەیمانی بەست‌و بەشداریی حكومەتی كردو سەرۆكایەتی پەرلەمانی وەرگرت، كە “زۆربەی لایەنگرانی گۆڕان هاوپەیمانی ئەو بزووتنەوەیان لەگەڵ پارتی بەهەڵە لەقەڵەمدا، بەڵام هاوپەیمانیەتییەكە بەردەوام نەبوو”.

باسی لەوەش كردووە، ساڵی (2015)  لەسلێمانی، كە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و بزووتنەوەی گۆڕانە هێرشكرایە سەر بیناو مەقەڕەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە “سەركردەكانی پارتی نەوشیروان مستەفایان بە هۆكاری ئەو ئاژاوەو هێرشانە ناوبرد”.

ئەو ماوەیەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی لەهەرێمی كوردستان كۆتایی هات، نوێنەرانی گۆڕان‌و سەرۆكی پەرلەمانی دژی درێژكردنەوەی سەرۆكایەتی بارزانی وەستانەوە، ناكۆكییەكان زیاتر بوون‌و وەزیرەكانی گۆڕان لەكابینەی حكومەت دەركران‌و “هێزەكانی سەر بەپارتی رێگەیاننەدا سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە پەرلەمان لەهەولێر”.

هەر لەراپۆرتەكەدا هاتووە، “زۆربەی رەخنەگرانی نەوشیروان مستەفا دەڵێن: ئەو دژی بەرنامەكانی مەسعود بارزانییە بۆ بەڕێوەچوونی راپرسی‌و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق‌و ئەویان تۆمەتباركردووە، بەوەی پەیوەندیی نزیكی لەگەڵ ئێران هەبووە”.

بەڵام عەلی كەریمی یەكێك لەهاوڕێ نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا لەلێدوانێكیدا بۆ  “BBC” ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوەو وتی: “نەوشیروان مستەفا بڕوای بەسەربەخۆیی كوردستان هەبوو، بەڵام نەیدەویست كوردستان هاوشێوەی قەتەر، كوەیت‌و ئیمارات لەلایەن چەند هۆز و بنەماڵەیەكەوە بەڕێوەبچێت”.

عەلی كەریمی هەروەها دەڵێت: “كاك نەوشیروان دەیوست لەسەرەتادا یاسا لەكوردستان سەروەر بێت، ناوەندە مەدەنییەكان چالاك بن، دادی كۆمەڵایەتی بەرپا بێت، رێز لەمافی ژنان‌و منداڵان بگیرێت، هێزەكانی پێشمەرگە سەر بەحكومەت بن‌و حیزبەكان كۆنترۆڵیان نەكەن، داهاتەكانی نەوت‌و باجی دارایی بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت نەوەك حیزبەكان، هەرچەند ساڵێك دەسەڵات دەستاودەست بكرێت، ئەو كوردستانێكی بەمشێوە سەربەخۆییەی دەویست نەوەك كوردستانێك، كە دەسەڵاتدارەكانی دیكتاتۆر بن”.

ئاماژە بەوەشكراوە، نەوشیروان مستەفا بڕوای بەسەركردایەتی تاكە كەس نەبوو، “بزووتنەوەكەی بەخۆیەوە نەبەستەوە، لەزۆربەی كۆبوونەوەكاندا خۆی لەدەربڕینی قسەو بیروڕاكانی دەبوارد تا رێگە بۆ رێبەرو سەركردەی گەنجەكان بكرێتەوە، كە زۆربەی پەرلەمانتارانی ئەم بزووتنەوەیە گەنجن”.

ئاماژە بەوەش دراوە چەند ساڵێك پێش ئێستا لەتەلەفیزیۆنی گۆڕانەوە وتی: “تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ من بمرم، یان دەستبەرداری ئەم بزووتنەوەیە بم، كارەكانی ئەم بوزوتنەوەیە ناوەستێت، چونكە ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بنەمایەك دامەزراوە، كە تەنیا پشت بەكەسێك، یان چەند كەسێك نەبەستێت”.

دەبێت چاوەڕێ بین، كە ئایا بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت بێ سەركردە كاریزمییەكەی خۆی، نەوشیروان مستەفا، ركابەریی دوو حیزبی بەهێزی یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، كە گشت سەرچاوەكانی دارایی‌و سەربازیی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام